چاپکردن

 

لە جیهانی ئەمرۆدا، ناتوانرێت گرینگی زمانی ئینگلیزی فەرامۆش بکرێت چونکە زامنی قسەکردنی ملیۆنان خەڵکە لە سەرانسەری جیهان. لە ئاستی پەیوەندی نێودەوڵەتی، بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی لەلایەن زۆرینەی وڵاتان بە شێووەیەکی بەرچاو وای کردووە ببێتە زمانێکی کاریگەر لە سەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەمەش مانای وایە کە فێربوونی زمانی ئینگلیزی وامان لێدەکات کە باشتر لە کۆمەڵگەی جیهانیی تێبگەین، هەروەها هەماهەنگ بین لەگەڵ دوواین گۆرانکاری و پێشوەچونەکانی جیهان. بۆیە کردنەوەی بەشی زمانی ئینگلیزی لە سۆران هەنگاوێکی گرینگە بۆ بەردەوام بوون لەسەر ڕەوتی بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگاکەمان لەگەڵ دوواین پێشکەوتنەکانی جیهانی ئێستادا، بە تایبەت لە بوارەکانی زانست و ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشتیاری. ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ ێشکەشکردنی کواڵیتیەکی بەرز لە بواری وتنەوەی زمانی ئینگلیزی و ئامادەکردنی قوتابیان بۆ بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی بە ئاستێکی بەرز.
ئامانجی ئەم بەشە بریتیە لە پێگەیاندنی مامۆستای ئەکادیمی کاراو بەتوانا بۆ ئەوەی خزمەتێکی گرینگ بە کۆمەڵگایەکەیان بکەن بەتایبەت لە بواری پەروەردە. لە ڕێگای ئەو پلان وبەرنامەی خوێندنە سودبەخش و بەهێزەی کە لەم بەشەدا دابین کراوە، پێگەیناندنی کاردیری ئەکادیمی مامۆستای بەتوانا گەرەنتی کراوە. بەم جۆرە ئەم پرۆژەیە ئەتوانێت پێشکەوتنی زیاتر لە سیستەمی پەروەردەدا پێشکەش بکات لە کوردستان بە گشتی و لە دەڤەری سۆران و رواندز و دەورو بەری بە تایبەتی.
پێویستی کردنەوەی ئەم بەشە لەزۆر لایەنی جیاواز خۆی دەبینێتەوە. فێربوونی زمانی ئینگلیزی وەکو زمانێکی بەربڵاو لە جیهاندا بووەتە پێداویستییەکی گرینگ لە ژیانی رۆژانەی خەڵک، لە هەمان کاتدا هەلی بەدەستهێنانی کاریش زیاتر دەکات. ئێستا لە زۆرینەی نێوەندە بازرگانییەکان دا مەرجی سەرەکی یە بۆ بەدەست هێنانی کار. فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەرفەتی ئاشنا بوون بە زانست و زانیاری لە بوارە جیاوەزەکانی ژیان دەرەخسێنێت.