پەیمانگەی تەکنیکیی تایبەتی ڕواندز

هەواڵ و چالاکی

د. زرار ئەرگوشی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز لە کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری پەیمانگە تایبەتەکان لەگەڵ بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

 


بەشداری ئەمڕۆی بەڕێز د. زرار ئەرگوشی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز لە کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری پەیمانگە تایبەتەکان لەگەڵ بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەئامادەبوونی بەڕێز بریکاری وەزارەت و بەڕێزان ڕاوێژکارانی وەزیر کە تیایدا چەندین تەوەری گرنگ خرانە بەر باس و بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەی دا کە "دەبێت زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەئاستی زانستی بەرز و ستانداردی ئەکادیمی ژینگەى خوێندن بڕەخسێنن".

وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند، چاوەڕوانی ئێمەو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئەوەیە بەئاستێکی زانستی بەرز و بەپێی ستانداردی ئەکادیمی خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا دەبێت زانکۆ تایبەتەکان زیاتر خۆیان ماندو بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لەپەرەپێدانی کواڵتی خوێندن و ڕاهێنان ئەنجام بدەن، چونکە گەنجانی وڵاتەکەمان شایستەی باشترین و بەرزترین ئاست و کواڵیتی خوێندنن.

ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (2022/10/26) لەمیانى کۆبونەوەیەک هات لەگەڵ سەرجەم سەرۆک زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان، کە بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت بەڕێوەچو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بە گرنگییەوە لە زانکۆ تایبەتەکان دەڕوانێت و چاوەڕوانی وەزارەت و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە کەبتوانن لەڕوی پەرەپێدانی ژێرخان و توانای مرۆیی و دەستەبەرکردنی پێداویستییە زانستییەکان و سیستمی خوێندن و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن نمونەی سەرکەوتو و ناوازە پیشکەش بکەن و هەوڵەکانیان زیاتر چڕ بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن و متمانەی دامەزراوەیی بۆ زانکۆکان.

هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا باسى لە پلانى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکان و دەرفەتى یەکسان بۆ هەموان کرد و وتى: ئێمە لە ماوەی ڕابردودا کارمان کردوە بۆ ئەوەى ڕیفۆرمى قوڵ لە سیستمى خوێندنى وڵاتەکەمان بکەین، بەشێکى ئەم پڕۆگرامانە پەیوەندیداربون بەخوێندنى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، هەروەها بەشی دیکەى بریتی بوە لەوەى کە بەشى هەرە زۆری دەرچوانی ئامادەیی جێگەبکەینەوە و سود لە ئەوپەڕی توانای وەرگرتنی زانکۆکان وەربگرین، بۆ ئەوەی هەمو گەنجانی وڵاتەکەمان دەرفەتیان هەبێت لەناو وڵاتی خۆمان خەونەکانیان بێتەدی و ڕێگە بگرین لە کۆچی بەلێشاوی هزرو توانا مرۆییەکان و چونە دەرەوەو بەهەدەردانی سەرمایەی نیشتیمانی.

کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ حکومیەکان بەگشتى و زانکۆ تایبەتەکان بەشێوەیەکى تایبەت بەشێکى دیکەى وتەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهێنا، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا ٤٥٪ ی کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل و ١٠٪ تا ٢٥٪ کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنرا، بەڵام هێشتا زانکۆ تایبەتەکان دەبێت لەڕێگەی پرۆگرامی سکۆڵەرشیپی تایبەتەوە هاوکاری زیاتری خوێندکارانی سەرکەوتو بکەن و نەهێڵن کرێی خوێندن ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان، بەڵکو دەبێت بە هەمو لایەکمان هەوڵ بدەین دەرفەتی یەکسان بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان برەخسێنین.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: دەبێت هەوڵ بدەین زانکۆکانمان ببنە باشترین زانکۆکان لەسەرتاسەرى جیهان و لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و تەنانەت عێراقیش، بۆ ئەوەى بتوانین بەشدارى ڕاستەقینە لە بەرهەمهێنانى توانا مرۆییەکانى وڵاتەکەمان بکەین، وتیشى: ئێمە وەک وەزارەت بەجدى هەوڵ دەدەین لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان کارى هاوبەش و پێکەوەیی بکەین.

سەبارەت بەپلان و ستراتیجیەتى وەزارەت بۆ بەستنەوەى زانکۆکان بەبازارى کار، وەزیرى خوێندنى باڵا وتى: پرۆسەی خوێندن دەبێت ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری کوردستان بێت، دەبێت باشتر هەوڵ بدەین ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە ببەستینەوەو باشتر دەرچوان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کێبڕکیی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن، بۆ ئەوەش باسى لە پلان و ستراتیجیەتى وەزارەت کرد و ڕایگەیاند: پلانمان ئەوەیە زیاتر زانکۆکانمان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاری کار کارلێک بکەن و بەردەوام ڕوپێوی ئەو کارامەییانە بکەین کە بۆ بازاڕی کار پێویستن، هەروەها هەنگاوی جدیمان ناوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سود لە دەستی کاری ناوخۆیی وەربگرین و لەهەمو بوارەکانی کەرتی ئابوری و پیشەسازی جێگایان بکەینەوە.

 لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن بریکارى وەزارەت و ئامادەبوان و سەرۆکى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، چەندین پرسى پەیوەست بە لێژنەى سەردانى کردنى پەیمانگە تایبەتەکان و کۆنمرەى وەرگرتن لە خوێندنى تایبەت و پلانى وەرگرتنى ئەمساڵ و چەند بابەتێکى پەیوەست بە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان خرانەڕو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

Kajin Ergoshi, [11/20/2022 11:00 PM]