بینینی هەواڵ
بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە
بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپێکی زانستی سەبارەت بە پاراستنی پێست (2025-12-16)
ئایا باوەڕ بە رێکلامەکانی مێدیا بکەین؟" ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥/١٢/٢٠٢٥، وۆرکشۆپێکی زانستی تایبەت بە پاراستنی پێست لە تیشکی خۆر و ڕێگریکردن لە شێرپەنجەی پێست ئەنجامدرا. ئەم وۆرکشۆپە بە میوانداری “د. ڕزگار عزەت خان”پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، بەڕێوەچوو و، بایەخێکی تایبەتی بە چۆنیەتی بەکارهێنانی دروست و جۆرەکانی کرێمەکانی خۆپارێزی لە تیشکی خۆر، دا. لە ماوەی وۆرکشۆپەکەدا، د. ڕزگار بە شێوەیەکی زانستی و ورد باسی لە سود و زیانەکانی بەکارهێنانی بابەتە جۆراوجۆرەکانی پێست و جوانکاری کرد و ڕێنمایی ئامادەبووانی کرد لەسەر هەڵبژاردنی جۆری گونجاوی کرێمی خۆپارێزی لە تیشکی خۆر بەپێی جۆری پێست. ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیان و مامۆستایان بەشدارییان لەم چالاکییە زانستییەدا کرد، کە هەلێکی گونجاو بوو بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری لە بواری چاودێری تەندرووستیی پێست. لە درێژەی وۆرکشۆپەکەدا، قوتابییەک پرسیاری لەبارەی زۆری ئەو ڕێکلامانەی لە ڕێگەی سۆشیال میدیاکان بۆ بابەتەکانی پێست دەکرێن کرد، کە تا چەند باوەڕپێکراون؟ وەڵامی د.ڕزگار بۆ قوتابییان و ئامادەبووان بەمشێوەیە بوو: زۆربەی ئەو ڕێکلامانەی لە سۆشیال میدیا بۆ بەرهەمەکانی پێست دەکرێن پێویستە بە وریاییەوە سەیر بکرێن، ئەمەش لەبەرئەوەی زۆرێک لەو بەرهەمانە بەبێ تێپەڕین بە کوالیتی کۆنتڕۆڵ دەخرێنە بازاڕ و تەنها ئامانجیان فرۆشتنە نەک چارەسەری ڕاستەقینە. بۆیە باشترە ڕاوێژ بە دەرماتۆلۆجیست (پزیشکی پێست) بکەین پێش بەکارهێنانی هەر بەرهەمێکی نوێ، بەتایبەتی ئەگەر کێشەی دیاریکراوی پێستمان هەبێت. هەروەها دکتۆر باسیشی لەوە کرد، کە تا بتوانین خۆمان لە بابەتە کیمیاییەکانی پێست بپارێزین، بۆ ئەوەی ئەو چەورییە سرووشتییەی پێست لەدەستنەدەین و بەربەستی پێست توشی تێکشکان نەبێت. ئەمەش لەبەرئەوەیە، لەکاتی بەکارهێنانی بابەتە کیمیاییە بەهێزەکان، ئەم بەربەستە دەشکێنرێت و بەمجۆرە چەوری سرووشتی پێست لەدەستدەدرێ. دواجار وادەکات پێستەکەمان نەتوانێت شێ ڕاگرێت، وشک دەبێتەوە، سوور دەبێتەوە و هەستیاری نیشان دەدات. پێویستە بگوترێ، وۆرکشۆپەکە پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا و، وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو و بەسوود دانرا، کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر هۆشیاری ئامادەبووان دانا لەبواری چاودێری تەندرووستی پێستدا.









