بینینی هەواڵ

بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە

⁨ بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپێکی زانستی سەبارەت بە کیسی هێلکەدان و چارەسەرەکانی (2025-12-18)

“کیسی هێلکەدان چییە و هۆکارەکانی چین؟” ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٦/١٢/٢٠٢٥، وۆرکشۆپێکی زانستی تایبەت بە کیسی هێلکەدان و چارەسەرەکانی، ئەنجامدرا. ئەم وۆرکشۆپە بە میوانداری “د. نەشمیل فرهاد گەردی”پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و منداڵ بوون و نەزۆکی، بەڕێوەچوو و، باسێکی تەواوی لەو تێکچونە هۆڕمۆنیانە کرد، کە دەبنە هۆی درووستبوونی کیسی هێلکەدان. لە ماوەی وۆرکشۆپەکەدا، د. نەشمیل ڕوونیکردەوە کە کیسەکانی سەر هێلکەدان بە جۆری جیاواز هەن و هەموویان بە یەک ئاست مەترسییان نییە. کیسی فانکشناڵ (Functional Cysts)ئەمانە باوترین جۆرن و بە شێوەیەکی سرووشتی لە ماوەی سوڕی خوێنی ئاساییدا درووستدەبن. هەروەها کیسی دێرمۆید (Dermoid Cyst) هەیە، کە ئەم جۆرە دەتوانێت پێکهاتەی وەک قژی تێدا بێت. ئەگەرچی زۆربەی کات خراپە نییە، بەڵام دەتوانێت گەورە بێت و پێویستی بە لابردنی بە نەشتەرگەری هەبێت.جۆری (Chocolate Cyst)کیسی چۆکلێتی، ئەم کیسانە پڕن لە خوێنی کۆنی ڕەنگ قاوەیی، کە دەتوانن کێشە لە منداڵبووندا درووستبکەن. زۆرجاریش پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە. ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییان و مامۆستایان بەشدارییان لەم چالاکییە زانستییەدا کرد، کە هەلێکی گونجاو بوو بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری بەتایبەتی ئافرەتان بۆ ئاگادار بوون لە درووستبوونی کیسی هێلکەدان و گرنگی چاودێری تەندرووستیی ژنان. لە درێژەی وۆرکشۆپەکەدا، قوتابییان پرسیاریان کرد، کە وا کیسی هێلکەدان چییە ؟ و هۆکاری دروستبوونی چییە؟ “د.نشمیل” ئاماژەی بەوە دا، کە کیسی هێلکەدان گۆڵکەی شلەمەنییە کە لەسەر یان لەناوی هێلکەدان (Ovary) درووستدەبێت. هۆکارەکانی درووستبوونیشی گەڕاندەوە بۆ تێکچوونی هۆڕمۆنی. ئەم تێکچوونە هۆڕمۆنیانە دەتوانن لە ماوەی سوڕی خوێنی ئاساییدا ڕووبدەن یان لەبەر هۆکارە نەخۆشییەکانی دیکە. پێویستە بگوترێ، وۆرکشۆپەکە بە هەماهەنگی لەنێوان تاقیگەی بایۆژین و پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز ئەنجامدرا و پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا.