بینینی هەواڵ

بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە

بەڕێوەچوونی ئاهەنگی یەکترناسین (2025-12-24)

ڕێکەوتی ٢٤ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ئاهەنگی یەکترناسینی قوتابییانی تازە وەرگیراو لە پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز بەڕێوەچوو. سەرەتای ئاهەنگەکە، پێشوازیەکی گەرم لە قوتابییانی تازە وەرگیراوی ئەمساڵی خوێندن کرا و، لەلایەن ستافی پەیمانگە دیارییان پێشکەشکرا. دواتر قوتابییانی بەشە جیاوازەکانی زمانی ئینگلیزی، دەرمانسازی، تەکنەلۆجیای زانیاری و پەرستاری ناسێنران. لە درێژەی ئاهەنگەکەدا، سەرپەرشتیاری پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز بەڕێز “م.هێرش عەزیز خورشید”، وتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکرد. لە وتارەکەیاندا، بەخێرهاتنێکی گەرمی قوتابییانی قۆناغی یەکەمی کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە وەکو ستافی پەیمانگە بەردەوام یارمەتیدەریان دەبن بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بەتواناکانیان بدەن و دواجار ڕێگای گەیشتن بە خەونەکان پێکەوە ئاسان دەکەن. دواتر هەریەک لە سەرۆک بەشەکانی زمانی ئینگلیزی، دەرمانسازی و تەکنەلۆجیای زانیاری، وتاری بەخێرهاتنیان ئاڕاستەی قوتابییانی قۆناغی یەکەم کرد. لە وتارەکانیاندا سەرۆک بەشەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە قوتابییان بڕیارێکی زۆر درووستیان داوە بە هەڵبژاردنی ئەم پەیمانگەیە و خوێندن لەم بەشانەدا. هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، کە بە بەردەوامبوون و کۆششکردن، داهاتوویەکی گەشاوە و ڕوون و پڕ لە دەرفەت چاوەڕێیانە و، دەتوانن ببنە کەسایەتییەکی سەرکەوتوو لە بواری پسپۆڕییەکانیاندا.