بینینی هەواڵ
بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە
ڕۆژی جیهانی پەرستاران لە پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز بە شێوەیەکی شایستە بەرزڕاگیرا (2026-05-12)
ئەمڕۆ سێشەممە ١٢/٥/٢٠٢٦، پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاران، ڤیستیڤاڵێکی تایبەتی و پڕشکۆی بەڕێوەبرد، کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتییە حکومی و ئەکادیمییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕواندز، ئەندامانی ئەنجومەنی پەیمانگە، مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان بەڕێوەچوو. ئەم بۆنەیە بە مەبەستی ڕێزلێنان و قەدرزانی لە ماندووبوونە بەردەوامەکانی پەرستاران و ئاوەدانکردنەوەی ڕۆڵی کاریگەر و مرۆڤدۆستانەیان لە پاراستن و بەهێزکردنی تەندروستی تاک و کۆمەڵگا ساز کرابوو. پەرستاران بە دڵسۆزی، ئارامی و هەستی بەرپرسیارێتییەوە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی نەخۆشان و کۆمەڵگادان و شایستەی هەموو جۆرە ڕێز و پێزانینن. لە ماوەی بەرنامەکەدا، چەندین چالاکیی زانستی، هونەری و پێشکەش کرا، کە هەموویان دەربڕی سوپاس و قەدرزانی بوون بۆ ئەو پیشە پیرۆزەی، کە بە بنەمای مرۆڤایەتی و خزمەتکردنی خەڵک ناسراوە. هەروەها قوتابییانی بەشی پەرستاری و بەشەکانی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارییان کرد و توانییان بەهرە و تواناکانی خۆیان پیشان بدەن. پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی، گرنگییەکی زۆر بە بۆنە نێودەوڵەتی و تەندرووستییەکان دەدات و هەمیشە هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەم چالاکییانەوە هەستی ڕێز، بەرپرسیارێتی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا لە دڵ و هزری قوتابییاندا چەسپێنێت. هەروەها، ئەم ڤیستیڤاڵە بووە دەرفەتێکی باش بۆ بەهێزکردنی ڕووحی هاوکاری و هاوڕێیەتی لەنێوان قوتابییان و مامۆستایان و بۆ دووبارە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی، کە پەرستاری تەنها پیشەیەک نییە، بەڵکو نامەیەکی مرۆڤایەتی و ئەرکێکی پیرۆزە کە پڕە لە دڵسۆزی، بەخشین و خزمەتکردنی مرۆڤایەتی. ساڵڕۆژی جیهانی پەرستاران پیرۆز بێت لە هەموو پەرستارانی ئازیز؛ ئەوانەی کە بە دڵێکی گەورەوە هیوا و ژیان بە نەخۆشان دەبەخشن.


















