بینینی هەواڵ

بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە

سەرپەرشتیکردنی مەشقی هاوینە بۆ قوتابییە دەرچووەکان (2026-05-24)

لەبەردەوامی چالاکی و هەوڵە بەردەوامەکانی پەیمانگەکەمان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و ئامادەسازی قوتابییان بۆ ژیانی پڕاکتیکی و بازاڕی کار، ڕۆژی یەکشەمە ٢٤/٥/٢٠٢٦، سیمینارێکی تایبەت و گرنگ بە ناونیشانی «سەرپەرشتیکردنی مەشقی هاوینە بۆ قوتابییە دەرچووەکان» پێشکەشکرا. ئەم سیمینارە لەلایەن م. "ڕێباز صالح" بەڕێوبەری بەشی ئامار و پلاندانانی پەیمانگەکەمان بەڕێوەچوو، کە تێیدا باس لە گرنگی مەشقی هاوینە، چۆنیەتی هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو بۆ مەشق و ئەو ئەزموون و کارامەییانە کرا، کە قوتابییان دەتوانن لە ماوەی مەشقەکانیاندا فێری ببن. لە ماوەی سیمینارەکەدا، ئاماژە بەوە کرا کە مەشقی هاوینە یەکێکە لە گرنگترین قۆناغەکان بۆ گواستنەوەی زانیاری تیۆری بۆ بواری پڕاکتیکی، هەروەها دەرفەتێکی گونجاوە بۆ درووستکردنی پەیوەندی و بەدەستهێنانی شارەزایی زیاتر لەناو دامەزراوە و کۆمپانیا جیاوازەکاندا. هەروەها ڕوونکرایەوە، کە چۆن قوتابییان دەتوانن بەشێوەیەکی درووست خۆیان بۆ بازاڕی کار ئامادە بکەن و گرنگی پابەندبوون بە ڕێساکانی کار، بەکات هاتن، هەڵسوکەوتی پیشەیی و پەرەپێدانی تواناکانیان لە بواری پسپۆڕی خۆیاندا، باسی لێوا کرا. لە کۆتایی سیمینارەکەدا، دەرفەتێک بۆ پرسیار و وەڵام دابینکرا و قوتابییان هەندێک پرسیاریان ئاڕاستەی مامۆستا کرد، کە بە شێوەیەکی ورد و سوودبەخش وەڵامیان درایەوە.