بینینی هەواڵ
بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە
ناساندنی کتێب (2026-05-25)
لە چوارچێوەی ئامانج و پەیامی پەروەردەیی و کولتووری پەیمانگەکەمان بۆ چەسپاندنی ڕۆحی خوێندنەوە و پەرەپێدان بە هۆشیاری فکری و ئەدەبی لەناو قوتابییان، ڕۆژی دووشەممە ٢٥/٥/٢٠٢٦، پەیمانگەکەمان بە خۆشحاڵی و شانازییەوە پێشوازی کرد لە توانا و بەهرەی ئەدەبی قوتابی بەڕێز "ڕسول حمد" قوتابی بەشی زمانی ئینگلیزی، کە بە هەوڵ و داهێنانی خۆی، کتێبێکی نوێی بۆ ئارەزوومەندانی جیهانی ئەدەب و خوێندنەوە بە ناونیشانی ( ڕۆمانی شین و سپی)، خستووەتەڕوو. ئەم بەرهەمە ئەدەبییە تەنها دەربڕینی هەست و بیرکردنەوەی نووسەرێکی گەنج نییە، بەڵکو بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی ژینگەی خوێندنگە و دامەزراوە پەروەردەییەکان دەتوانن ببنە سەرچاوەی درووستبوونی توانا و بەهرە داهێنەرەکان، ئەگەر پاڵپشتی و هەلی گونجاویان بۆ بڕەخسێت. بێگومان نووسینی کتێب لە تەمەنی خوێندندا هەنگاوێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی کەسایەتییەکی فکری و ئەدەبی و درووستکردنی نەوەیەکی خوێنەر و بەرهەمدار. مەڕاسیمی ناساندنی کتێبەکە لە کەشوهەوایەکی ئەدەبی و کولتووری پڕ لە دڵخۆشی و گرنگیدان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان "هێرش عەزیز" سەرپەرشتیاری پەیمانگە، "سلیم چالی"بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوەی سۆران و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستا و قوتابی و میوان، بەڕێوەچوو، کە ئاماژەی بە گرنگی پشتگیری لە نووسەرانی گەنج و پاڵپشتی داهێنانی قوتابییان کرد. پەیمانگەکەمان بە شانازییەوە لەو باوەڕەدایە، کە پەرەپێدان بە بیر و توانا و لێهاتوویی قوتابییان، تەنها ئەرکێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە. بۆیە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، بەردەوام بووە لە دۆزینەوە و پاڵپشتیکردنی بەهرە و تواناکانی قوتابییان لە جیاوازترین بوارە زانستی، ئەدەبی و هونەرییەکاندا، بۆ ئەوەی داهاتوویەکی ڕوونتر و کاریگەرتر بنیاد بنرێت.











