بینینی هەواڵ
بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە
گەشتی زانستی بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری سۆران (2026-05-25)
ڕۆژی دووشەمە 25/5/2026، قوتابییانی قۆناغی یەکەمی بەشی پەرستاری پەیمانگای تەکنیکی تایبەتی ڕواندز، لە چوارچێوەی بەرنامە زانستی و پراکتیکییەکانیاندا، گەشتێکی زانستییان بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری سۆران ئەنجامدا، بە مەبەستی پەیوەستکردنی زانیاری تیۆری بە ئەزموونی کرداری و ئاشنابوون بە ژینگەی کار لە بوارە تەندرووستییەکاندا. لە ماوەی ئەم سەردانە زانستییەدا، قوتابییان لە نزیکەوە ئاشنا بوون بە ژمارەیەک لە کردار و ڕاهێنانە پزیشکییەکان، بە تایبەتی چۆنیەتی ئەنجامدانی هێلکاری دڵ (ECG)، شیکردنەوەی ئەنجامەکان و شێوازی بەکارهێنانی مۆنیتەری نەخۆش، کە لەلایەن "م. کارزان عثمان" و "م. عبداللە برایم" مامۆستایان لە بەشی پەرستاری بە شێوەیەکی پراکتیکی و ورد ڕوونکرایەوە. ئەم گەشتە زانستییە دەرفەتێکی باش بوو بۆ قوتابییان تا لە نزیکەوە چاودێری کاری ستافی تەندرووستی بکەن و زیاتر لە ئەرک و بەرپرسیارێتی پەرستاران و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشان تێبگەن، کە ئەمەش بەشێکی گرنگە لە ئامادەکردنیان بۆ ژیانی پیشەیی لە داهاتوودا. لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی "د. حمرین حمدامین" بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری و هەموو ستافی بەڕێزی نەخۆشخانەکە دەکەین بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و هاوکاری و پشتیوانییە بەنرخەکانیان لە سەرکەوتنی ئەم چالاکییە زانستییەدا.





