بینینی هەواڵ
بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە
مەشقی خولی هاوینە (0000-00-00)
لەچوارچێوەی بەردەوامی چاڵاکی و بەرنامە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکانی پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز و، بە مەبەستی پەیوەستکردنی زانستی تیۆری بە ئەزموون و کردار و ئامادەکردنی دەرچووان بۆ ژیانی پیشەیی، بەخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2025–2026 ئێستا لە مەشقی هاوینەدان (Summer Training) لە نەخۆشخانەی ئاشتی و فێرکاری ئەم راهێنانە بەشێکی گرنگی پڕۆسەی فێرکارییە و دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی قوتابییان لەژینگەی کاری ڕاستەقینەدا تواناکانیان پەرەپێبدەن، شێوازی مامەڵەی پرۆفیشناڵ فێرببن، کاری تیمی، ڕێزگرتن لە ئیتیک و یاساکانی پیشە و بەرپرسیاری لە بەرامبەر نەخۆش و کۆمەڵگا باشتر تێبگەن. ئەمڕۆ شەممە ۱٨/۷/۲۰۲٦، پۆلێک لە قوتابییانی بەشەکانی دەرمانسازی و پەرستاریمان بەسەرکردەوە، کە بە هەماهەنگی پەیمانگە و هاوکاری دامەزراوە تەندرووستییە هاوبەشەکان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی مەشقی مەیدانی. لە ماوەی ئەم مەشقەدا، قوتابییان بە شێوەی کرداری لەگەڵ پڕۆسەکانی پەیوەندیدار بە چاودێری تەندرووستی، پەروەردەی نەخۆش، ئامادەکردن و ڕێکخستنی دەرمان، هۆشیاری دەرمانی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە زانستییەکان ئاشنا دەبن. پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز گرنگییەکی زۆر بە فێرکردنی کرداری و درووستکردنی قوتابی لێهاتوو دەدات، بۆیە هەموو ساڵێک هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەم خولانەوە پەیوەندی نێوان خوێندن و بازاڕی کار بەهێز بکات و دەرچووانی بە توانا، خاوەن ئەخلاقی پیشەیی و لێهاتوویی زانستی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا ئامادە بکات. هیوادارین قوتابییە ئازیزەکانمان بە سەرکەوتوویی و بە کۆکردنەوەی زانیاری تەواو لە بەشەکەیان، ئەم قۆناغە گرینگە تەواو بکەن و هەمیشە سەرچاوەی شانازی پەیمانگە و کۆمەڵگاکەیان بن.










