بینینی هەواڵ

بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە

خولی دوو ڕۆژەی ژیری دەستکرد بۆ بەڕێوەبردنی کار و مارکێتینگی دیجیتاڵی کۆتاییهات (2026-08-01)

ئەمڕۆ شەممە ١/٨/٢٠٢٦، خولی دوو ڕۆژەی ژیری دەستکرد (Artificial Intelligence) تایبەت بە ستافی مامۆستایانی پەیمانگەی تەکنیکی تایبەتی ڕواندز، کە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و تواناکانیان لەبواری بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە بەڕێوەبردنی کار و مارکێتینگی دیجیتاڵی ڕێکخرابوو، بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات. ئەم خولە لەلایەن م. “شیرین محمد”بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی کار لە پەیمانگەکەمان بەڕێوەبرا. لە ماوەی خولەکەدا، تیشک خرایەسەر گرنگی و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیری دەستکرد بۆ باشترکردنی پلاندانان، کارامەیی بەڕێوەبردنی کار، درووستکردنی ناوەڕۆکی پیشەیی، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی داتا، بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەر و هەروەها دانانی ستراتیژییە کاریگەرەکانی مارکێتینگی دیجیتاڵی. ئەم خولە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوویی ستافی ئەکادیمی لە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد و ئامادەکردنیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێویستییە نوێکانی بواری پەروەردە و بەڕێوەبردن. شیاوی ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، زنجیرەیەک خول و وۆرکشۆپی تایبەت بە ستافی مامۆستایانی پەیمانگە بەردەوام دەبێت، کە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستای شارەزا و پسپۆڕ بەڕێوە دەبرێن، بۆ پەرەپێدانی توانای ئەکادیمی، پیشەیی و تەکنیکی ستاف. لەدوای تەوابوونی خولەکە، بەڕێز م. "هێرش عزیز"سەرپەرشتیاری پەیمانگە، بڕوانامەی بەشداربوونی پێشکەش بە هەموو ستاف و مامۆستا بەشداربووەکان کرد و سوپاسی هەوڵ و بەشداری چالاکانەی کردن بۆ بەردەوامبوون لە فێربوونی تەکنەلۆژیا نوێکان و پەرەپێدانی توانا پیشەییەکانیان...