بینینی هەواڵ

بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە

سەردانى رێزدار د. موسڵح مستەفا بۆ پەیمانگەى تەکنیکیى تایبەتى رواندز (2024-06-02)

رۆژى یەکشەممە رێکەوتى ٢/٦/٢٠٢٤، لە سەردانێکى تایبەتدا، ڕێزدار "د. موسڵح مستەفا" بە یاوەری سەرۆکی بۆردی دامەزراوەی شەهید بەڕێز "د. محەممەد علی"، سەردانى راگرایەتى پەیمانگەى تەکنیکى تایبەتى رواندزى کرد، کە لە لایەن راگرایەتى و ستافى پەیمانگەوە بە گەرمى پێشوازى لێکرا. لەو دیدارەدا، کە بە مەبەستى بەسەرکردنەوە و دیدار نوێکردنەوە لەگەڵ ستافى پەیمانگە ئەنجامدرا، کۆمەڵێک پرس و بابەتى پەیوەست بە کارووبارى ئەکادیمى، تاوتوێکران. دواتر لە دووتوێى کۆبوونەوەیەکى تایبەتدا لەگەڵ راگرایەتى و ستافى ئەکادیمى و کارگیڕى پەیمانگە، بەڕێزیان وتارێکى تێرووتەسەلى پێشکەشکرد. لە وتارەکەیاندا، دواى نیشاندانى پێزانین بەرامبەر بە هەوڵ و ماندووبوونى ستافەکە بۆ بەئەنجامگەیاندنى سەرکەوتووانەى پڕۆسەى خوێندن، زۆر بە چڕ و وردى تیشکیشی خستە سەر چەند تایبەتمەندییەکى ئەم سەردەمە، کە هەم لە رووى ئەکادیمى و هەم لەرووى کارگێڕییەوە، بۆ هەر دامەزراوەیەکى ئەکادیمى، پێویست و زەروورین. لە بەشێک لە وتارەکەیاندا، تیشکى خستەسەر گرنگى بەدیهێنانى ژینگەیەکى ئەکادیمى سەرکەوتوو؛ ئەو ژینگە ئەکادیمییە سەرکەوتووەشى بەوە وەسفکرد، کە پێویستە هەموو رەگەزە بەشدار و پێکهێنەرەکان، وەک مامۆستا، قوتابى، ستافى ئیدارى، پڕۆگرام و ...هتد، یەکترى تەواو بکەن و وێنەیەکى گەورە، کە لە ئاستى چاوەڕوانى و خەونە باڵاکاندایە، بەرجەستە بکەن. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د. موسڵح مستەفا، تیشکى خستە سەر ئەوەى کە پێویستە ئەوپەڕى سەرنج لەسەر پاراستنى چۆنایەتى(کواڵیتى) خوێندن چڕ بکرێتەوە و رەچاوى ستانداردە باوەڕپێکراوەکانى دنیاى زانست و دامەزراوە ئەکادیمییەکان بکرێ. ئەمە جگە لەوەى کە بەتایبەت سەرنجیشى خستەسەر ئەوەى، کە پێویستە ئەوپەڕی توانا بۆ تێگەیاندن و فێرکردنى قوتابییان بەکاربهێنرێ ، تا بە باشى ئامادەى بازاڕى کار بکرێن. لە دوا بەشى وتەکەشیاندا، ئاماژەى بەوە دا کە ئەوان خولیاى زۆر مەزنتریان لە مێشکدایە و نەخشەرێگایەکى زانستى زۆر تۆکمە و چڕ و پڕیان داڕشتووە، کە بۆ بەئەنجامگەیاندنى، پێویستى بە کارى شێلگیرانە، ماندوونەناسیى و زانستخوازى بەردەوامە.